لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستی باس لە تەشەنەسەندنی زیاتری کۆرۆنا لە ئێراندا دەکا و ڕایگەیاندوە کە ٢٥ پارێزگای وڵات لە دۆخی سوور و هۆشداییدان، ژمارەی تووشبووان لە ١٥ پارێزگادا بەردەوام لە هەڵکشاندایە. خووزستان، هۆرموزگان، بووشێهر، سنە و کرماشان لە لووتکەی یەکەمی کۆرۆنادان، پارێزگاکانی تریش لە دۆخێکی پڕ مەترسییدان و لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا بە هەزاران کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبن، ژمارەی مردووانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێ.
لە لایەکی تریش حەسەن ڕۆحانی و دەوڵەتەکەی بەردەوام جەخت دەکەنەوە سەر پێویستیی کرانەوەی شوێنەکان، وەزیری تەندروستی بێئەوەی ئاماژە بە ناوی کەسێک بدا، تاوانی ئەو دۆخە قەیرانییەی ئێستای لە پارێزگاکانی ئێران خستە ئەستۆی کەمتەرخەمیی خەڵک.
لە کاتێکدا بڵاو بوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە دەخرێتە ئەستۆی خەڵک کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هیچ هەوڵێکیان بۆ پێشگرتن بەو ڤایرۆسە نەگرتوەتە بەر. لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خەڵک زۆر هۆشیارانە هەوڵی خۆپاراستنیان لە ڤایرۆسەکە دا و لە زۆربەی شارەکانیش بە تایبەت لە کوردستان ئەرکی پێشگیری لە ڤایرۆسەکە کەوتە ئەستۆی خەڵک. بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی پێویستییەکانی دژە ڤایرۆسی، قەرەنتینەکردنی شارەکان و دابینکردنی کەولوپەلی پێویست و کادری دەرمانی بۆ نەخۆشخانەکان کەمتەرخەم بوو، بە جۆرێک خەڵک چییتر توانای پێڕاگەیشتنی نەما و نەخۆشخانەکانیش جێگەیان بۆ وەرگرتنی نەخۆشەکان نەما، لە لایەکی تریش خەڵکی هەژار و نەدار و کاسبکاران ناچار بوون بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان بێنە دەرەوە، چونکە دوای هەوڵ و ناڕەزایەتییەکی زۆر لە لایەن دەسەڵاتەوە هیچ هاوکارییەک نەکران.