بنکەیەکی چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی لە نزیک بەغدا بە ناوی “ئەلسەقەر” تەقێندرایەوە.
نیوەشەوی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە بنکەی سەقەر کە لە ناوچەی ئەلدەورەی بەغدایە، بیستراوە و دواتر بە هۆی بەرز بوونەوەی دووکەڵەوە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ئەو بنکەیە جێگیر کراون. دەگوترێ ئەو بنکەیە شوێنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییە. دوای ئەو تەقینەوانە، چەندین ماشین و هێزی فریاکەوتن ڕەوانەی ناوچەکە کران و پێدەچێ کوژراو و برینداریش هەبن.
بە پێی هەواڵی سەرچاوەکانی عێراق، تەقینەوەکان لە ئەنباری تەقەمەنیی ئەو بنکەیە بە هۆی گەرم بوونی هەواوە ڕووی داوە، بەڵام هەواڵدەرییەکانی دیکە وەکوو “فاکس نیوز” پشتڕاستیان کردوەتەوە کە ئەمریکا لە ڕێگەی فڕۆکەی شەڕکەرەوە هێرشی کردوەتە سەر ئەو شوێنە. تا ئێستا دیار نییە کە چەند کەس لەو هێزانە کوژراو یان بریندار بوون.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسان و کاربەدەستانی حیزبوڵڵا ڕایانگەیاندبوو کە حیزبوڵڵا ئامادەیە هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق لەنێو ببا و ڕێگە نەدەن ئەمریکا چیدیکە لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە.












