سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە دانیشتنی کابینەی حکوومەتەکەیدا هەڕەشەی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان کرد و گوتی: “لە سنوورەکانمان نزیک نەبنەوە”.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ئیسڕائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، “بنیامین ناتانیاهوو” سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لە دانیشتنی کابینەی حکوومەتەکەیدا ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئیسڕائیل نەگۆڕە و بە هیچ شێوەیەک ئیزنی نزیک بوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە سنوورەکانمان نادەین و هەر بنکە و بارەگایەکی ئەو تێرۆریستانە کە ببێتە مەترسی بۆ وڵاتەکەمان لە هەر وڵاتێکدا بێ دەیکەینە ئامانج و تێکیدەشکێنین.
ناوبراو هەروەها گوتی: “بەرپرسایەتیی هەرکردەوەیەکی هێرشبەرانە و تێرۆریستی لە خاکی سووریە و لوبنانەوە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو وڵاتانە و دەبێ باجەکەشی بدەن”.
شایانی باسە کە ماوەی ٣ ساڵە کە ئیسڕائیل بەردەوام بنکە و بارەگاکانی سپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەو ڕێژیمە لە سووریە و عێراق و لوبنان دەکاتە ئامانج، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بێدەنگە و ناتوانێ وڵامێک بداتەوە.
جێگای ئاماژەیە ئیسڕائیل بە ڕاشکاوی دەڵێ: “نابێ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی و مووشەکی دوورهاوێژ ڕا بگا و هەر بنکە و بارەگایەکی ئەو ڕێژیمە و هاوپەیمانەکانی لە نزیک سنوورەکانی خۆی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێ و هێرش دەکاتە سەریان.












