لە چەند شار و پارێزگای عێراق خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە و ٨ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییە عێراقییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی لە شارەکانی بەغدا و نەجەف خەڵکی ئەو وڵاتە بە دژی گەندەڵیی بەرپرسانی عێراق و بارودۆخی ئابووری و هەروەها دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتە خۆپیشاندانیان کرد کە لە گەڵ تەقەی هێزە ئەمنییەکان ڕوو بە ڕوو بوونەوە و لە ئاکامدا لە شاری بەغدا خۆپیشاندەرێک کوژرا و ٧ کەس لە خۆپیشاندەرەکانیش بریندار بوون.
لە شاری نەجەفیش خۆپیشاندەران داوای دەست لە کارکێشانەوەی پارێزگاری نەجەف دەکەن کە سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
جێگای ئاماژەیە کە چەند مانگ پێشتر خۆپیشاندانەکان لە زۆربەی شارەکانی خوارووی عێراق بەڕێوە چوو و سەدان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سپای قودسی ئەو ڕێژیمە لە کوشتنی خەڵکی عێراقدا بە تەواوەتی بەشدار بوون و عێراقییەکانیش بە سووتاندنی وێنەی قاسم سلێمانی، خومەینی و خامنەیی بێزاری خۆیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە عێراقدا نیشان دا.












