گرووپی هەڵپەڕکێی بانە لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆیدا، بۆ ڕێز لێنان لە ژینگە و سروشتی نیشتمان، چالاکییەکی ژینگەییان بەڕێوە برد.
ئەم گرووپە بە هۆی بوونی پەتای کۆرۆنا کە دەرفەتی بەڕێوە بردنی ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەیان نەبووە، هەوڵیان داوە بە بەڕێوە بردنی چالاکییەکی ژینگەیی یادی بیست ساڵەی دامەزراندنیان بکەنەوە.
لەم چالاکییەدا جاددەی “کەریمئاوا” بۆ سێ ڕای “سوورێن و بۆیەن” پاک کرایەوە و هەروەها سێ کەویان ئازاد کرد و گەڕاندیانەوە باوەشی سروشتی جوانی کوردستان و ئەو پەیامەیان بە خەڵک دا کە ژینگە و هەڵپەڕکێ گرێدراوی یەکترن و پێویستە هەموومان دەست لەنێو دەستی یەک هەنگاو بنێین بۆ پاراستنی ژینگە.
جێی ئاماژەیە لەو هەڵمەتە ژینگەپارێزییەدا ئەنجومەنی “پاژین”ـی بانە وەک یەکێک لە ئەنجومەنە چالاکە ژینگەپارێزییەکانی شاری بانە بەشدار بوو.
شایانی باسە، گرووپی هەڵپەڕکێی ئەوینی بانە یەکێک لەو گرووپانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە چەندین فێستیڤاڵی نێوخۆیی و جیهانییدا بەشداری کردوە و توانیویەتی وەک یەکێک لە باشترین بەشداربووان لە کێبەرکێیەیاندا بناسرێ و بە جلوبەرگ و مۆسیقای کوردی کولتوور و دابو نەریتی کوردیان بە جیهان ناساندوە.