له ماوه‌ی حه‌وتووی رابردوودا کورته ڤیدیۆیه‌ک له زیندانی ره‌جایی شاری که‌ره‌ج گیراوه‌و له تۆره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دا بڵاوبۆته‌وه که له‌ودا به ئاشکرا ده‌بیندرێ یه‌کێک له به‌رپرسانی زیندان له پێش چاوی زیندانیه‌کانی دیکه- که وادیاره هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته کۆ کرانه‌وه- هێرش ده‌کاته سه‌ر زیندانیه‌ک و بێ رێزی پێ ده‌کا. له ڤیدیۆکه‌دا دیاره که هه‌م به قسه‌یی ناشیرین و هه‌م به لێدان ئه‌و زیندانییه ئه‌شکه‌نجه‌ی روحی و جه‌سته‌یی دەرێ.
ئه‌و گرته ڤیدیۆییه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌رخه‌ری راستیه‌کی تاڵ و ویژدان هه‌ژێنه که له زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دا چۆن هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ زیندانی ده‌کرێ، لە هەمان کات دا دەرخەری تێروانینی راستەقینەی کۆماری ئیسلامییە لە بواری پاراستنی مافی مرۆڤ.
به پێی هه‌موو یاسا و رێساکانی نێوده‌وڵه‌تی راگرتنی حورمه‌ت و که‌رامه‌تی زیندانی یه‌کیک له ئه‌رکه گرینگه‌کانی زیندانوانه. به‌ڵام له ماوه‌ی 37ساڵی رابردوودا به دائیم و بێپسانهوه ڕاپۆرتی جۆراوجۆر له لێدان و ئه‌شکه‌نجه و بێحورمهتی کردن به زیندانی له زیندانه‌کانی ئێران دا له راگه‌یه‌نه گشتییه‌کانی دنیا دا ده‌بیستین و ده‌خوێنینه‌وه و له لایەن رێکخراوه‌کانی پاراستنی مافی مرۆڤه‌وه ئه‌و کرده‌وه‌ی مه‌ئمورینی زیندانه‌کانی ئێران مه‌حکوم ده‌کرێ. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ویستی رێکخراو و کۆر و کۆمه‌ڵه مرڤ دۆسته‌کانی جیهان نه کۆماری ئیسلامی و نه ده‌زگای قه‌زایی ئه‌و حکومه‌ته هه‌وڵیان نه‌داوه بۆ پێشگیری کردن له دووپات بوونه‌وه‌ی ئه‌وه جۆره کردارانه له‌گه‌ڵ زیندانی و له هه‌مان کات دا هه‌وڵیشیان نه‌داوه بۆ به سزاگه‌یاندنی ئه‌و به‌رپرس و مه‌ئمورانه‌ی که به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر حورمه‌ت و که‌سایه‌تی زیندانی دێنه ژێر پرسیار.
به پێی قانونه‌کانی سه‌رده‌می ئێستا و ته‌نانه‌ت قانوونه نوسراوه‌کانی ئیسلامیش هیچ که‌س و لایه‌نێک مافی ئه‌وه‌ی نییه که‌سێک که به حوکمی تاوانێک زیندانی کراوه له زیندان بێ حورمه‌تی زاره‌کی یان جه‌سته‌یی پێ بکرێ چونکه له راستیدا زیندانی ئه‌مانه‌ته لای زیندانوان و فه‌لسه‌فه‌ی زیندان بۆ ئه‌وه‌یه که تاوانبار دوای تێپه‌ڕکردنی ماوه‌ی زیندانیه‌که‌ی به پێی قانون ده‌بێ ساغ و سه‌ڵامه‌ت له بواری روحی و جه‌سته‌یی بگه‌رێته‌وه بۆ نێو کۆمه‌ڵگا.
هه‌موو زیندانوانێک ده‌بێ به باشی ئه‌وه بزانێ که مافی زیندانی پاداشتێک نییه که له لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رانی زیندان بدرێ به زیندانی، به‌ڵکوو زیندانی وه‌ک مرۆڤ مافی سروشتی خۆیه‌تی که هه‌م بزانێ خاوه‌نی ئه‌و مافه‌یه و له سه‌ر به‌رپرسانی زیندان واجبه که زیندانی به‌و مافه ئاشنا بکه‌ن و هه‌میش زیندانیش بتوانێ له‌و مافه بێ ترس و خۆف که‌ڵک وه‌ربگرێ. واته که‌سیك که له سه‌ر تاوانێک سزای زیندانی بۆ دیاری ده‌کرێ و له سه‌ریه‌تی ئه‌و ماوه که قانوون دیاری کردووه وه‌ک زیندانی تێپه‌ڕ بکا، به‌ڵام ئه‌و زیندانیه مافی هاووڵاتیبوون و شارۆمه‌ندی لێ وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه به ته‌نیا ته‌حه‌موولی سزای ئه‌و تاوانه ده‌کا که له سه‌ری به‌ند کراوه، و هیچ به‌رپرس یان مه‌ئمورێکی زیندان ئه‌و مافه‌ی نییه تووندوتیژی له گه‌ڵ زیندانی بکا به‌و مانایه بێجگه له‌وه که ئۆرگانی زیندان له‌سه‌ریه‌تی له بواری له‌شساغی و خواردنه‌وه به زیندانی رابگا، ده‌بێ فه‌زایه‌کی سالم و ته‌ندروست له بواری روحی و جه‌سته‌ییه‌وه بۆ زیندانی ده‌سته‌به‌ر بکا، ئه‌گه‌ر هه‌ر به پێێ یاساکانی کۆماری ئیسلامی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ کرده‌وه‌ی بکه‌ر یا بکه‌رانی ئه‌و گرته ڤیدیۆییه‌ی زیندانی ره‌جایی شاری که‌ره‌ج بکه‌ین بۆمان ده‌رده‌که‌وێ، ئه‌و به‌رپرس یا به‌رپرسانه که له به‌رچاوی زیندانییه‌کانی دیکه ئه‌زیه‌ت و ئازاری روحی و جه‌سته‌یی زیندانی ده‌ده‌ن تاوانبارن. ئه‌سلێ ٣٩ له یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران دا ده‌لێ؛ ” شکاندنی حورمه‌ت و که‌سایه‌تی که‌سیك که به حوکمی قانوون ده‌ست به سه‌ر کراوه، گیراوه، زیندانی یان دوورخراوه‌ته‌وه، به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت قه‌ده‌غه‌یه و ده‌بێته هۆی سزادان”. یا ماده‌یی ١٦٩ له ئاییننامه‌ی زیندانه‌کان ئه‌زیه‌ت و ئازاردانی زاره‌کی و جه‌سته‌یی زیندانیان و به کارهێنانی شێوه‌ی هەڵسوکەوتی قورس و دژوار که زیان به که‌سایه‌تی زیندانی بگه‌یه‌نێ قه‌ده‌غه‌یه و نابێ هیچ به‌رپرس یا مه‌ئمورێکی زیندان له‌و جۆره هه‌ڵسووکه‌وتانه له گه‌ڵ زیندانی بکا.
پێویسته وه‌بیربهێندرێته‌وه که ئه‌و کردار و ره‌فتاره‌ی به‌رپرس و مه‌ئمورینی زیندانی ره‌جایی شاری که‌ره‌ج له‌و گرته ڤیدیۆیه‌دا له گه‌ل زیندانی ده‌که‌ن، ئاوێنه‌ی باڵانوێنی راسته‌قینه‌ی کردار و ره‌فتاری کۆماری ئیسلامییه که له ماوه‌ی 37 سالێ رابردوودا له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ئێران کردوویانه و نیشانده‌ری ئه‌و راستییه‌یه که ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بایه‌خ بۆ که‌سایه‌تی مرۆڤه‌کان دانانێن و هه‌موو هه‌وڵ و کۆششیان ئه‌وه‌یه که کۆمه‌لگایه‌کی تێکرووخاو له بواری روحی و جه‌سته‌یی له خه‌ڵكی ئێران دروست بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که‌س بیر له ماف و ئازادیه‌کانی خۆی نه‌کاته‌وه.