حەسەن ڕۆحانی بەبێ گوێدانە مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا دەڵێ لە هەموو ئێراندا دەبێ ڕێوڕەسمەکانی موحەڕڕەم بەڕێوە بچن.
لە حاڵێکدا لە ئێران، ڕۆژانە زیاتر لە ٢ هەزار کەس تووشی پەتای کۆرۆنا دەبن و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بەهۆی تووشبوون بەو پەتایەوە گیان لە دەست دەدەن، حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ڕێژیم ڕایگەیاندوە پێویستە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی مانگی موحەڕڕەم بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوە بچن.
حەسەن ڕۆحانی لە دوایین کۆبوونەوەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ڕایگەیاندوە دەبێ لە هەموو شار و ناوچەکانی ئێران یاد و ناوی مانگی موحەڕڕەم بەرز ڕا بگیرێ و ئەو ڕێوڕەسمە ئایینییانە بە تەواوەتی بەڕێوە بچن. ناوبراو بەبێ ئەوەیکە ڕێنماییە تەندروستییەکان لە بەرچاو بگرێ گوتوویەتی: “جیاوازیی نییە دۆخی تەندروستیی کام شار و ناوچەی ئێران سوور یان سپییە. پێویستە هەموو کەس بەشدار بێ لە ڕێوڕەسمەکانی مانگی موحەڕڕەمدا.”
ڕۆحانی هەروەها بەبێ سەرنجدان بە کێشە ئابووری و تەندروستییەکانی خەڵک، باس لەوە دەکا خەڵکی ئێران دەبێ لەگەڵ بارودۆخەکەدا بسازن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدەن بەشداری ڕێوڕەسمەکانی ئەم مانگە بن.
ئەم بڕیارەی حەسەن ڕۆحانی لە کاتێکدایە کە هەموو ناوەندە تەندروستییەکانی ئێران داوا لە خەڵک دەکەن لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار نەبن و، هەموو ڕێنماییە تەندروستییەکان ڕەچاو بکەن، تا ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئیران دابەزێ؛ بەڵام بڕیار بەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەر لە فکری بەڕێوەبردنی بەرنامە و پیلانی خۆیاندان.