“مایک پۆمپێئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە توویتێکدا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە “ئەمریکا دەسەڵاتداریی چین لە دەریای باشووری ئەو وڵاتەدا قەبووڵ ناکا، دەریای باشووری چین، پانتایی ئیمپراتۆریی ئاویی ئەو وڵاتە نییە.”
پۆمپێئۆ ڕۆژی ۴ی گەلاوێژی ۹۹ی هەتاوی، لە درێژەی توویتەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر پێکەن یاسای نێونەتەوەیی پێشێل بکا و وڵاتانی ئازاد لەم پێوەندییەدا کاردانەوەیەکیان نەبێ، ئەوە مێژوو تۆماری دەکا حیزبی کۆمۆنیستی چین ناوچەی زیاتر داگیر دەکا. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها دەڵێ: “کێشەی دەریای چین دەبێ لە ڕێگای یاسای نێونەتەوەییەوە چارەسەر بکرێ.”
لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئەمریکا و چین، واشێنتۆن ناڕەزایەتی و ڕەخنەکانی خۆی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی پێکەن زیادی کردوە و، پێشتریش چەند جار ڕایگەیاندبوو کە ڕێگە نادا دەسەڵاتی تەواوی چین بەسەر ئەو دەریایەدا زاڵ بێ.
ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی چین بانگەشەی ئەوە دەکا لە سەتا ٩٠ی دەریای باشووری ئەو وڵاتە کە سەرچاوەی وزەیە بەشیکە لە خاکی ئەو وڵاتە، بەڵام لە هەمان کاتدا وڵاتانی بڕۆنێئی، مالێزی، فیلیپین، تایوان و ڤیێتنام ئەوە ڕەت دەکەنەوە و چین بە داگیرکەری ئەو ناوچانە دەزانن.












