بە پێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لە سەر دۆخی ژیانی خەڵک و کاسبکاران و بازاڕیان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستمان گەیشتوە، لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبەن.
بە پێی ئەو زانیارییانە هەموو دووکانداران و کاسبکاران لەم دۆخە ناڕازیین و گلەیی زۆریان هەیە.
نیگەرانیی سەرەکییان ئەوەیە کە دەنگیان بە هیچ شوێن و لایەنێک ڕاناگا و هەر ڕۆژێکیان دەبێ بە ترس و دڵەڕاوکێ دەست پێ بکەن و کۆتایی پێ بهێنن.
وەک دەگوترێ لەوانەیە دروستبوونی ئەو دۆخە بە هۆی کۆرۆناوە بێ، بەڵام بە گوتەی دووکانداران و کاسبکاران کۆرۆنا تەنیا هۆکاری زیاتربوونی کێشەکان و خراپتر کردنی دۆخەکەیە، دەنا گەمارۆکانی سەر ئێران، ئاوسانی دۆلار و کرێدووکانی لە ڕادە بەدەر، داخرانی سنوورەکان و کێشە نێوخۆییەکان، هەموویان بە یەکەوە هۆکاری سەرەکیی دروستکردنی ئەم دۆخە و نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستانە.
بە پێی گوتەی ئەو خەڵکە، بەرپرسان هیچ ڕێکارێکیان بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە نەگرتوەتە بەر.
شایانی باسە، دۆخی خراپی ئابووری، گوشارێکی زۆری خستوەتە سەر خەڵکی ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشی زۆری کرێکاران، کارەکانیان لە دەست داوە و کاسبکاران و دووکاندارانیش بە پێی پێویست ناتوانن بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن.
ئەو دۆخە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی چینی هەژار و دەستکورت، کرێکاران و کاسبکاران ڕوو بە ڕوو بووەتەوە، بەڵام هیچ لایەنێکی دەسەڵات خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و هەواڵێکیش لە چارەسەر کردنی کێشەی ئەو خەڵکە لە گۆڕێدا نییە.