لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەناردەکردنی کالا و شمەک لە ئێرانەوە بۆ عێراق بە ڕێژەی ٤٠ لەسەد کەمی کردوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ژووری بازرگانی هاوبەشی عێراق، “حەمید حوسێنی” ڕایگەیاندوە کە لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٥ میلیۆن تۆن کالا و شمەکی غەیرە نەوتی بە بەهای ١.٤٥ میلیارد دۆلار بۆ عێراق هەناردە کراوە، بەو پێیە بە ڕێژەی ٤٠ لەسەد لە ڕووی قەبارەوە و بە ڕێژەی ٣٨.٣ لەسەد لە ڕووی بەهاوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو دابەزیوە.
جێی ئاماژەیە، دابەزینی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە کاتێکدایە کە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران باسی لە زیادبوونی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ سەرووی ٢٠ میلیارد دۆلار کردبوو.
شایانی باسە، قەیرانی کۆرۆنا و تەشەنە سەندنی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئێراندا و گەمارۆکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی کە بوونە هۆی داخرانی سنوورە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە نێوان ئێران و زۆربەی وڵاتانی جیهان و، لە لایەکی تریش کێشە نێوخۆییەکان هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و داڕمانی ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتەیە.












