دایک و کچێکی خەڵکی ورمێ کە ماوەی ١١ مانگ بوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیرابوون، لە لایەن دادگای شۆڕشی ورمێ دادگایی کران.
ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، دوو بەندکرای سیاسی بە ناوەکانی “شاناز(بێریوان) سادقی فەڕ” و کچەکەی بە ناوی “ئایناز زارع” لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ دادگایی کران.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ شاناز بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و حوکمەیان پێ ڕاگەیاندوە، بەڵام تا ئێستا هیچ حوکمێک بە کچەکەی ڕانەگەیەندراوە.
ناوبراو ساڵی ڕابردوو لەگەڵ کچەکەی بە وەرگرتنی ئەماننامە لە ڕێگەی سنووری بانەوە گەڕایەوە ئێران و دەسبەسەر کرا، پاش دەسبەسەرکرانی ماوەی دوو مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگیرابوون و خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوون.