لە ئاکامی لێکۆڵینەوە لە سندووقی زانیارییەکانی فڕۆکە ئوکراینییەکە لە لایەن دەوڵەتی فەڕانسەوە دەرکەوتوە کە سپای پاسداران خەتابارە لە کەوتنە خوارەوە فڕۆکەکە.
“یوگنی یێنین”، ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئوکراین، ڕۆژی هەینی لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا ڕایگەیاندوە کە سندووقی زانیارییەکانی فڕۆکەی مەدەنیی ئوکراین کە ساڵی ڕابردوو لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە مووشەک خرایە خوارەوە، لە لایەن دەوڵەتی فەڕانسەوە خوێندراوەتەوە و ئاکامی لێکۆڵینەوەکان لە سەر سندووقی زانیاریی فڕۆکەکە نیشان دەدا کە دەستتێوەردانی نایاسایی لە فڕینی فڕۆکەکەدا بۆتە هۆی ڕوودانی ئەو کارەساتە بە وتەی ئەو کاربەدەستەی دەوڵەتی ئوکراین، سندووقی زانیارییەکانی فرۆکەکە خوێندراوەتەوە و دەرکەوتوە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چ شێوەیەک بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی ١٧٦ کەسی مەدەنی.
شایانی باسە کاتێک دەوڵەتانی فەڕانسە، ئوکراین و کانادا داوایان لە کۆماری ئیسلامی دەکرد کە سندووقی زانیارییەکان ڕادەستی یەکێک لەو دەوڵەتانە بکا، کاربەدەستانی ڕێژیم داوای ئامێری پێشکەوتووی خوێندنەوەی سندووقی زانیارییەکانیان دەکرد و باسیان لەوە دەکرد کە فڕۆکەکە بە مووشەکی کۆماری ئیسلامی خراوەتە خوارەوە و دەبێ کۆماری ئیسلامیش بۆ خۆی پێداچوونەوە بە سندووقی زانیارییەکاندا بکا.












