حیزبی دێموکراتی کوردستان، قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی
لە ٢٥ی گەلاوێژی ئەم ساڵدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبە نەتەوەیی و خۆشەویستەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەن بە جێژن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ٧٥ ساڵ تەمەنیدا زۆر قۆناغی بڕیوە، بەسەر زۆر کەندوکۆسپدا سەرکەوتوە، زۆری برین هەڵگرتوە، دەسکەوتی زۆر بەنرخ و مێژوویی و هەرمانی بۆ نەتەوەکەی دەستەبەر کردوە، هەڵە و کەمایەسیشی بووە؛ بەڵام مەیدانی چۆڵ نەکردوە و هەروا ئاڵاهەڵگری خەباتی ئازادیخوازی و نەتەوەیی کورد ماوەتەوە.
شانازییەکانی ئەم حیزبە نەک لە میژوودا، بەڵکوو ئەمڕۆش پێناس و هۆوییەتی نەتەوەی کوردن، لە دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە هەتا دەستەبەرکردنی هەموو ئەو بایەخانەی لە ئێستادا نەتەوەی کوردی لە دنیادا پێ دەناسرێتەوە، وەک پێشمەرگە، سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ئاڵا و زۆر بەهای نیشتمانی و دێموکراتیک کە لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات چێ کراون.
خەڵکیبوونی حیزبی دێموکرات و بەرنامە و ئامانجەکانی کە هۆکاری سەرەکیی ٧٥ ساڵ بەردەوامی و متمانەی گەلی کوردە، بە سەرمایە و شانازییەکی گەورە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دادەنرێ.
لە ٧٥ ساڵەی یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە بە ئیرادەیەکی پتەو و، ئیمانی قووڵ بە سەرکەوتن ڕێگای ئامانجەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەپێوین و پشت بە متمانەی خەڵکی کوردستان ئەم کاروانە دەگەیەنینە سەرمەنزڵی مراد و جێژنی گەورەی سەرکەوتن دەگرین.
– سڵاو لە یادوبیرەوەریی شەهید پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات و یەکەم ڕەئیسجمهووری کوردستان،
- سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان کە بە خوێنی خۆیان ئەم سەروەرییە مەزنەیان بۆ گەلەکەیان تۆمار کرد،
– سڵاو لە خەڵکی کوردستان، پشتیوان و قەڵای لەبننەهاتووی متمانە بە حیزبی دێموکرات
– سەرکەوێ خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لێژنەی بەڕێوەبەری یادی ٧٥ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستان