نەسڵی باڵندەی “چێرگ” كە یەكێك لە باڵندە دەگمەنەكانەو له ئێستادا تهنیا له بۆکان ماوه، خهریکه به یهکجاری له نێو دهچێ.
حوجەت جەبباری، جێگری فەننیی ئیدارەی گشتیی ژینگەپارێزیی پارێزگای ورمێ وێڕای ئاماژە بە وەی كە له ئێستادا تەنیا پەناگەی ئەم جۆرە باڵندە دهگمهنه چەند ژینگەیەك له دەشته سووتاوو حەمامیانی بۆكانە، گوتی: لەم ناوچەیەش تهنیا ٤٠ “چێرگ” ماوه كە ئهوهندهش بە یارمەتیی خەڵكی ناوچەكەیه که تا ئێستا ماون.
ناوبراو لەوەڕاندنی بێ سهرهوبهرهی مەڕو ماڵات، فهوتانی گژ و گیا، ڕۆچوونی زەوی، نائەمن بوونی ناوچە و كەمیی خۆراك بۆ ئەم جۆرە باڵندەیەو سەرهەڵدانی دیاردەی وشكەساڵی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە گرینگترین هۆكارەكانی لە كەمیدانی نەسڵی ئەم باڵندەیە ناو دهباو دهڵێ: ئێستا بۆكان لە ئاستی ئێراندا تەنیا شوێنێكی ئەمنە بۆ حەوانەوەو پاراستنی ئەم گیانەوەرە بەنرخە.
بە قسهی ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا “چێرگ” لە شوێنە جۆراوجۆرەكان بینرابوو، وەك گرینگترینی ئەم شوێنانەش دەشتی ئەسەد ئابادی هەمەدان بووه، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم باڵندەیە جگە لە بۆكان، لە باقی شوێنەكانی دیكە زۆر بە دەگمەن بینراوە.
باڵندەی “چێرگ” یەكێك لە گەورەرترین باڵندەكانی ئێرانو یەكێك لە جۆرە هەرە تایبەتو دەگمەنەكانی گیانەوەرانی جیهانە. ئەم باڵندەیە لە دەستەی گەورەترین پەلەوەرە گیاخۆرەكان بووەو بە جەستەی گهورهو باڵی درێژو بەهێزی خۆی، وەك قورسترین پەلەوەری جیهان ناسراوە كە توانای فڕینی هەیە.