هەر لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێراندا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکەیان بۆ ماوەیەک شاردەوە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێ بە ئامار و زانیاریی ناڕاست دەیانهەوێ بابەتەکە بە لاڕێدا ببەن.
لە کاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاندوە ١٢ پارێزگا لە ئێران لە دۆخی سوور و ١٣ی دیکە لە دۆخی هۆشدارییدان، بە گوێرەی هەواڵەکان ژماری تووشبووان بە نەخۆشییەکە لە بەرزبوونەوەدایە و هەر بە گوتەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی تەنیا لە مازەندەران ژمارەی تووشبووان لە هەفتەی ڕابردوودا شەش ئەوەندە بووە و ٦٠ لەسەدی کۆی تەختەکانی نەخۆشیی بەشە تایبەتەکانی نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخان کراوە و بە خەڵکی مازەندەرانیان ڕاگەیاندوە کە خۆیان لە گەشتکردن بپارێزن.
لەو ماوەەیەدا وەزارەتی تەندروستی و سەرۆککۆماری ئێران هەڵوێستی جیاواز و دژبە یەکیان لە سەر کۆرۆنا هەبووە.
لە کاتێکدا وەزارەتەکە باس لەوە دەکات ٢٥ پارێزگای وڵات لە دۆخی سوور و هۆشدارییدان، حەسەن ڕۆحانی باسی لەوە کرد کە تووشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتدا داکشاوە.
لە لایەکی تریش حەسەن ڕۆحانی و وەزارەتی تەندروستی کە هاتنە دەرەوەی خەڵک و پێبەند نەبوونیان بە ڕێنمانییە تەندروستییەکان بە هۆکاری تەشەنەکردنی کۆرۆنا دەزانن، لە کاتێکدا دۆخی خراپی ژیانی خەڵک و هاوکاری و پشتگیری نەکردنیان لە لایەن دەوڵەتەوە وای کردوە کە خەڵک بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی و کارکردنەکەیان.
لە لایەکی تر ڕۆحانی لە تازەترین لێدوانیدا کە بڵاوی کردوەتەوە باوەڕی وایە لەو ڕووەوە کە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ماتەمینی مانگی موحەڕەم سوودی مەعنەویی زۆری هەیە، بەڕێوەبردنەکەی پێویست و زەروورە، وا دیارە بە بۆچوونی سەرۆککۆمار کۆبوونەوە بۆ موحەڕەم لە ڕووی تەندروستییەوە کێشەی نییە و دەبێ بەڕێوە بچێ، بەم شێوەیە هەر ئەو خەڵکەی حەسەن ڕۆحانی دەڵێ پێبەند نین بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە مەراسمی ماتەمینی مانگی موحەڕەم کاریگەرییان نابێ لەسەر بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکە.