پێنجەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان پاش دوو ڕۆژ کاری بەردەوام بە سەرکەوتنەوە کۆتایی پێهات.
پێنجەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە، ١ی گەلاوێژ بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و جێگرانی کۆمیتەی ناوەندی دەستی بە کار کرد و پاش تەتەڵەی کۆمەڵێک باسی سیاسی و تەشکیلاتی و بڕیاردان لەسەریان، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی گەلاوێژ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕاگرتنی دەقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادوبیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد، دواتر دەستووری کاری کۆبوونەوەکە بە پەسندی بەشداران گەیشت.
لە بەشی یەکەمی کاری پلینۆمدا بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات کە بە شێوەی ئانلاین لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، ڕاپۆرتێکی سیاسیی دەفتەری سیاسیی لەسەر بارودۆخی ئێران و کوردستان، هاوکێشەکانی ناوچە و هەلومەرجی خەباتی سیاسیی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێشکێش کرد. ئەم ڕاپۆرتە دوای باس و لێکدانەوە و دەوڵەمەندکردنی لەلایەن بەشدارانەوە بە پەسندی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی گەیشت.
لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژە بە هەلومەرجی نێوخۆیی ئێران، شوێنەواری پەتای کۆڕۆنا لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک و سیاسەتکردنی کۆماری ئیسلامی بە کۆرۆنا ویرووس شی کرابۆوە.
ڕاپۆرتی دەفتەری سیاسی بە تیشكخستنە سەر دەستەوەستانیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە چارەسەری قەیرانی ئابووریی وڵات و چوونەوە ژێرپرسیاری جیدیی مەشرووعییەتی ڕێژیم لە دوای هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و، لە کاتێکدا ترسی خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر لە دەسەڵاتی سەرکوت شكابوو و ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی دەسەڵات لە هەر شوێنێکی وڵات و لە هەر شکڵێکدا ڕۆژانە ڕووی دەدا؛ کۆڕۆنا لە بەرژەوەندیی ڕێژیم گەیشتە فریای. هەروەها لەو بارودۆخەشدا کە هەموو وڵاتان بەپێی توانا و دەسرۆیشتوویی خۆیان لە خەمی سڵامەتیی خەڵک و چارەسەری کێشەکانیاندا بوون، کۆماری ئیسلامییش خەڵکی وڵاتی لە قەیرانی کۆرۆنادا بە چارەنووسی خۆیان سپارد و هەموو هەوڵ و خەمی ئەوە بوو کە چۆن بتوانێ ئەم قەیرانە لەپێناو ڕاگرتنی زیاتری سیستمەکەیدا بەکار بێنێ.
ڕاپۆرتی دەفتەری سیاسی پێی لەسەر ئەوە داگرت کە کێشەکانی خەڵک و کۆماری ئیسلامی و گۆڕەپانی ئەو ململانێیە هەر لە جێی خۆیەتی. وەک چۆن کۆماری ئیسلامی لە کاتی کۆڕۆناشدا لە سیاسەتی بەند و سەرکوت و ئێعدامی ئازادیخوازان بەردەوام بوو، کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیش لەمەودوا پتر لە جاران لە دژی ئەم ڕێژیمە دێنەوە مەیدان و ناڕەزایەتی و ئێعترازەکان لە فۆڕمی جۆراوجۆردا پەرە دەستێنن.
ڕاپۆرتی دەفتەری سیاسی بە لێکدانەوەی وردی ئەم بابەتە تیشکی خستە سەر ئەوە ڕاستییەش کە کەمایەسیی هەرە گەورەی بە ئاکام نەگەیشتنی هەتا ئێستای ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بۆ نەبوونی کۆدەنگی و نەخشەڕێگایەک بۆ ڕێبەری کردنی ئەم جووڵانەوەیە دەگەڕێتەوە. هەر لەم پێوەندییەشدا ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی ئەرکدار کرد کە بەپێی توانای هەوڵ بدا هەم لە ئاستی نێوخۆیی (کوردستان) و هەم لە ئاستی سەراسەری (ئێران)دا چیدیکە ئەم بزووتنەوەیە بێ ڕێبەر و بزوێنەر نەمێنێتەوە.
ڕاپۆرتی دەفتەری سیاسی لە چوارچێوەی ئەم بەشە لە لێکدانەوەیەکدا پەڕژایە سەر پرسەکانی ڕۆژەڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئاماژە بە دۆخی ئەمنییەتیی توند و سەپاندنی حکوومەتنیزامیی ڕانەگەیەندراو بەسەر کوردستاندا و، بەردەوامیی شەپۆلەکانی گرتن و ئێعدامی چالاکانی سیاسی؛ هەوڵی ڕێکخراوەیی و ڕوحی هەروەزیی خەڵکی کوردستانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا و هاوکات بەدواداچوونی پتر بۆ مافە سیاسی، نەتەوەیی و مەدەنییەکانیان بەرز نرخاند. هەروەها پێی لەسەر ئەوە داگرت کە چالاکان و تێکۆشەرانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە نێوخۆی وڵات هەموو کات و لەمەوبەدواش دەتوانن حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پاڵپشت و هاندەر و پشتیوانی خۆیان بزانن.
ڕاپۆرتی دەفتەری سیاسی بە ئاماژە بە لەجێدا مانەوەی گرژییەکانی ئێران و ڕۆژاوا پێیوابوو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆکاری سەرەکیی نائەمنییەکان لە ناوچە دەزانن و لە دژیشی وەستاونەتەوە، هەرچەند ناکۆکیی نێوان بەرژەوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیە بووەتە هۆی درێژەکێشانی قەیران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی هاوکات بە ئاماژە بە گرینگیی واشنگتۆن وەک فاکتەرێکی سەرەکیی لە ئاراستەبەخشین بە چارەنووسی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتی ئێران و لەڕێدابوونی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئەمریکا لە پاییزی ئەمساڵدا، پێشبینیی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری هەڵبژێرانەوەی “دۆناڵد تڕامپ”دا سیاسەتی لانیزۆری گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران بەردەوام بێ و لەو سۆنگەیەوە تاران ناچار بە گۆڕینی ڕەفتاری خۆی و ملنەوی کردن بۆ داواکانی واشنگتۆن و، سازان لەگەڵ ئەم وڵاتە بەتایبەت لەسەر پرسی ئەتومی و مووشەکییەکەی بێ. بەڵام لە ئەگەری بردنەوەی دێموکراتەکاندا وێدەچێ ئێران هەلی باشتر بۆ سازان لەگەڵ ئەمریکا بە مەبەستی کەمکردنەوە لە گوشار و بەربەستە ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە و هەناسە بەر هاتنەوەی خۆی دەست کەوێ. لەم ڕووەوە ئێران بە لەبەرچاوگرتنی هەردوو ئەگەرەکە و لە کاتێکدا کە تەقینەوەکانی ئەم دواییانە لە شوێنە هەستیارە ئەمنیەتییەکانی ئێراندا غروور و توانا نیزامی و بەرگرییەکانی بردۆتە ژێر پرسیار، تێ دەکۆشێ بە ڕێککەوتن لەگەڵ چین و ڕووسیە و گرێبەستی بەرفراوانی ئابووری، ئەمنیەتی، سەربازی و تێکنۆلۆژی لەگەڵ ئەم وڵاتانە ئاراستەی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی خۆیدا بگۆڕێ.
هەر لە چوارچێوەی ئەم باسەدا کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی ڕای وابوو کە کێشە و ئارێشە و ناسەقامگیرییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت ئێران بە سازانی وڵاتانی زلهێز لەسەر بنەمای دابین بوونی بەرژەوەندیی ئەوان چارەسەر نابن، بەڵکوو چارەسەری ڕاستەقینە، هەمیشەیی و پایەداری ئەم پرسانە لەگرەوی جێگیربوونی دێموکراسی، دابین بوونی ئازادی، و وەدیهاتنی مافە مەدەنی و نەتەوایەتییەکانی گەلان و جۆراوجۆرییەکانی ئەم وڵاتانەیە.
ڕاپۆرتی دەفتەری سیاسی لە بەشێکی دیکەی لێکدانەوەی خۆیدا فاکتەری ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی خستە بەر باس. کۆمیتەی ناوەندی تیشکی خستە سەر ئەوە کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بەهۆی بەربڵاوی ئایدیا و ڕیزەکانی ئەگەر لەلایەک هەتا ئێستاش نەیتوانیوە لە فۆڕمی بەدیلی کۆماری ئیسلامییدا ببێتە ئادرەس؛ لەلایەکی دیکەش لەبارەی پرسی کورد لە ئێران و پرسی مافە نەتەوایەتییەکان لە ئێرانی داهاتوودا خوێندنەوەی واقعبینانەی نییە. لەو نێوەدا ئەگەر بەشێک لەوان بە پارێزەوە هەڵوێستیان هەیە بەڵام بەشێکی دیکەیان لە ڕوانگەیەکی پان ئێرانیستییە بۆ داهاتووی ئێران دەڕوانن. لەو نێوەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مامەڵە و پێوەندییەکانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا هەوڵی داوە باوەڕی فرەنەتەوەیی لە ئێراندا جێ بخا و بۆ ئیدارەی هاوبەشی ئێرانیش پێداگریی لەسەر ڕێکاری فیدرالیزم کردوە. هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و بەشداریی چەند لایەنەی لە چەند هاوپەیمانییەکی سەراسەریدا هەوڵ دەدا بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر شێوەی ئیدارەکردنی ئێرانی داهاتوو بگەن.
تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتی دەفتەری سیاسی باسکردن لە پرسی نێوان کورد و تورکە ئازەرییەکان لە ناوچە تێکەڵاوەکانی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە و چەندوچۆنیی پێوندییەکانیان لە دراوسێیەتیی یەکتر بوو. کۆمیتەی ناوەندی لەو پێوەندییەدا دەفتەری سیاسیی حیزبی ڕاسپارد لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکان و لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاریشدا، ئەم باس و نیگەرانییەی کە لەبارەی پرسە نەتەوەیی و جوغرافییایەکان لەو ناوچانە دێنە گۆڕێ بە جیددی وەربگرن و بۆ دیتنەوەی حەلی مەنتیقی و تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەو مژارە کاریان لەسەر بکەن.
کۆمیتەی ناوەندی لە درێژەی باسەکانی کۆبوونەوەکەیدا چەند بابەتێکی دیکەی گونجاندبوو، وەک ناوەندی هاوکاری و چەندیوچۆنیی پێوەندیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسی پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، کە دوای تاوتوێ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر ئەو بابەتانە ڕاسپاردەی پێویست بە دەفتەری سیاسی دران.
هەڵسەنگاندنی پلان و بەرنامەی کاریی حیزب لە ساڵی نوێ و پەسندکردنەوەی ئاییننامەی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوو تەوەری دیکەی دەستووری کاری کۆبوونەوەکە بوو. پلانی کاریی کومیسیۆن و ئۆرگانیزمی حیزب کە نەخشەڕێی کار و تێکۆشانی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی و پێـشمەرگانەی حیزب لە کورتماوەی ئەمساڵ و درێژماوەی داهاتووشی لەخۆی گرتبوو، پاش تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی بەشدارانی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پەسند کرا. هاوکات هەر کام لە بەش و ئۆرگانیزمەکانی حیزب بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و ڕاسپێردراوەکان ئەرکدار کران.
لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی نێوخۆیی و تەشكیلاتیی حیزب خرانە بەر باس و لە درێژەی کاری کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی کۆمسیۆنی پارێزگاری لە پێڕەوی نێوخۆ و بەشێک لە ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران.
پێنجەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پاش دوو ڕۆژ کاری چڕ و بەردەوام و باس و لێکدانەوەی هەموو بڕگەکانی دەستووری کار و، پەسندکردنی کۆمەڵێک بڕیار و بەڵگەنامە، کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٣ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی