نرخی کرێ خانوو بە ڕێژەی ١٠٠ تا ٨٠٠ لەسەد لە بەشێکی پارێزگاکانی ئێراندا بەرز بووەتەوە.
بە پێی هەوڵی هەواڵدەرییەکان، “مەحموود مەحموودزادە”، جێگری وەزیری ڕێگا و شارسازی، ڕۆژی هەینی ٣ـی گەلاوێژی ٩٩ ڕایگەیاند “پازدە ڕۆژ لە دوای گەڵاڵەی پەسەندکراوی ناوەندی بەربەرەکانی دژبە کۆرۆنا لە پێوەندی لەگەڵ دیاریکردنی نرخی کرێ خانوو، بەرزترین نرخی کرێ خانوو بە ڕێژەی ٨٠٠ لەسەد لە کرماشان و ١٠٠ لەسەد لە تاران و گەورە شارەکانی تر تۆمار کراوە.
ئەم بەرزبوونەوە لە کاتێکدایە کە بە پێی بڕیاری ئەو ناوەندە و گوتەکانی حەسەن ڕۆحانی کە لە ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵدا بڵاوی کردەوە، بەرزبوونەوەی کرێ خانوو لە تاران زیاتر لە ٢٥ لەسەد و لە گەورە شارەکانی تر ٢٠ لەسەد و لە شارەکانی تر ١٥ لەسەد زیاتر ڕێگە پێنەدراوە.
جێی ئاماژەیە، دۆخی خراپی ئابووری، دابەزینی بایی پووڵی ئێران، هەروەها دابەزینی نرخی نەوت و نەبوونی بەرنامە و پلانێکی گونجاو لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ ڕوو بە ڕوو بوونەوەی کێشەکان و هاوکات بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانوو، ئەمەش کێشەی بۆ خێزانەکان دروست کردوە بە جۆرێک کە چەند بنەماڵە ناچارن بە یەکەوە لە خانوویەکدا بژین و تەنانەت لە هێندێک شوێن خەڵک بە ناچاری سەربانی ماڵەکان بە کرێ دەگرن.
بەرزبوونەوەی کرێ خانوو لە شارەکانی ئێراندا کە پێوەندی بە دۆخی خراپی ئابووریی ئەم وڵاتەوە هەیە، لە شارەکانی کوردستانیش و بە تایبەت پارێزگای کرماشان هەر وایە و بێجگە لە دۆخی ئابوورییەکە، بە هۆی بوومەلەرزەشەوە و ئاوڕنەداوەی دەوڵەت لە کێشەکانی خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی ئەم ناوچانە، خەڵکێکی زۆر بێماڵ و حاڵ ماونەتەوە و ئەوەش وای کردوە کەمیی خانوو لەو شوێنانەدا ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری کرێ خانوو و خەڵک لەگەڵ چەندین کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرەو ڕوو ببنەوە.