بە گوێرەی هەواڵی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ١٠ کەسی خەڵکی بانە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە خۆپیشاندانێکدا دژ بە کوشتاری کۆڵبەران لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بەند کران و قامچی سزا دراون.
ئەو دە هاووڵاتییانە بە یەکەوە بە ٣٠ مانگ بەندکران، ٢٥٠ قامچی و ٢٥٠ میلیۆن تمەن سزا دراون.
هەر یەک لە ، “موحسین قادری”، “سەردار ئەمینپور”، “یاسین عوسمانی”، “بەرزان ڕەحیمی”، “ئازاد مەحموودزادە”، “شەهرام ساڵحی”، “ئاکام ئەحمەدی”، “عیزەت ئەحمەدی”، “مێهدی ئەرخەوانی” و “ڕێبوار ساڵحی” ئەو هاووڵاتیانەن کە سزادراون.
شایانی باسە، سەرکوتی دەنگی ناڕازییان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەسەر داواکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژیانیان بەردەوامە و هەر دەنگێکی ناڕازی لەو وڵاتەدا بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێ و بەو هۆیەوە دەسبەسەر کردن و سەپاندنی حوکمی بەند کران بەسەر خەڵک و چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی بە شێوەی سیستماتیک بەردەوامە.