ژنە چالاکێکی مەدەنی خەڵکی بۆکان، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، “فاتیمە داوەند”، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی غوڵامی حوکمی ٥ ساڵ بەند کرانی بەسەردا سەپاوە.
ناوبراو بە تۆمەتی “بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری ئێران” حوکمی بەند کرانی بە سەردا سەپاوە.
فاتیمە داوەند، چالاکی مەدەنی شاری بۆکان، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە کاتێکدا کە بریندار ببوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
ناوبراو پاش دوو مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە گوازرابوەوە و هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بارمتەی یەک میلیارد و٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کاتی دادگاییکرانی ئازاد کرابوو.
فاتیمە داوەند چەند ڕۆژ پاش دەسبەسەر کران لە ژێر گوشاریی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران ناچار بوو بێتە سەر تی ڤی و دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگرت و لە هەواڵەکانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی دانپێدانانەکانی بڵاو کرایەوە. لەو دانپێدانانەدا ناوبراو گوتی کە لە ناڕەزایەتییەکانی بۆکاندا بەشداری کردوە و جارێکیش سەردانی سلێمانی کردوە.