“نەفتالی بێنێت”، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسڕاییل ڕایگەیاندوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان و هێزە تێرۆریستییەکانی حەماسەوە چەندین جار و لە چەند شوێنی جیاواز، خەساری بە ئیسڕائیل گەیاندوە و تا ئێستا هیچ نرخێکی بۆ ئەو خەسارانە نەداوە.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی ئیسڕائیل تا ئێستا و بە هەر ڕادەیەک کە توانیبێتی، هێرشی کردوەتە سەر هێزە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە سووریە و ناوچەکانی دیکە و گورزی کوشندەی لێیان داوە و گوتی: “بەڵام ئەم جارە هێرشی ڕاستەوخۆ دەکەینە سەر ناوەند و بنکەکانی ئەو ڕێژیمە لە تاران و خەسارەکانمان قەرەبوو دەکەینەوە.”
شایانی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی سیاسەتە چەوتەکانییەوە، ئاژاوە و ترسی خستوەتە دڵی خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەر بەم هۆیەشەوە زۆر یەک لە وڵاتانی ناوچە دژکردەوەی ڕاستەوخۆیان لە هەمبەر کردەوەکانی ئەم ڕێژیمەدا بووە و، بۆ نموونە دەوڵەتی ئیسڕاییل باسی لەوە کردوە کە ئەگەر دەوڵەتی ئەمریکا بتوانێ پشتیوانی لە فڕۆکەکانی ئەم وڵاتە بکا، ئەوە دەتوانن هێرشی ئاسمانی بکەنە سەر ناوەند و دامەزراوە ناوکی و گرینگەکانی ڕێژیم لە نێوخۆی ئێران.












