بەپێی هەواڵی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریە، لە ئاکامی کەوتنە خوارەوەی مووشەکی ئەرتەشی ئەم وڵاتە لە فڕۆکەخانەی “ئەلسەعلە” پێنج ئەندامی بنەماڵەیەکی کۆچبەر، کە منداڵیشیان تێدا بوو، گیانیان لەدەست دا.
پەدافەندی هەوایی سووریە بە مەبەستی بەرگری لە هێرشی مووشەکیی ئیسڕائیل کاردانەوەی لە خۆی نیشان دابوو کە بە پێچەوانەوە ئەم بنەماڵەیە کرانە ئامانج. جێگای ئاماژەیە ئەو هێرشانەی ئیسڕائیل بۆ سەر چەند ناوچە لە دەمێشق و جموجۆڵی نیزامیی بەرچاوی میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک زیارەتگەی زەینەب، بوون.
لەم بارەوە چاودێریی مافی مرۆڤی سووریە، ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانە پەیامێکن ڕوو بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لە سووریە بەردەوام دەبێ.
شایانی باسە هێرشە مووشەکییەکانی ئەرتەشی ئیسڕائیل بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە سووریە هەر بەردەوامە و، شەوی سێشەممەش لە چەند هێرشی دیکەدا دەیان کەس لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانیان کوژران و بریندا بوون.












