کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای تێپەڕینی نزیکەی مانگێک بەسەر تەقینەوەی ناوەندە ناوکییەکانیدا، هاتە دەنگ و دەڵێ ئەو هێرشانە سایبێری نەبوون.
عەباس مووسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: “تەقینەوەکانی ئەم دواییانە پێوەندیی بە هێرشی سایبێرییەوە نەبووە، بەڵام ئەوەش ئاساییە کە بڵێین لەمە بە دوا هەر ڕووداوێکی لەم چەشنە ڕوو بدا، گومانمان لە ئەمریکایە مەگەر دژی ئەم ئیدیعایە بسەلمێندرێ.”
ناوبراو ئاماژەی بە قسەکانی بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا کرد کە ماوەیەک لەمەو پێش وتبووی ناوەندی زانیاریی “سیئایئەی”ـی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ی زاینییدا چەند هێرشی سایبێریی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەند شوێنی دیکە کردوە.
هەروەها لەم بارەوە سەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە دوای سەلماندنی بە بەڵگەی ئەم ئیدیعایەیە، ڕاشیگەیاند مافی “بەرگریی ڕەوا و وڵامی گونجاو” بۆ کۆماری ئیسلامی پارێزراوە.
شایانی باسە ئەم هەڕەشانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدایە کە سەدان جار ئیسڕائیل لە سووریە و عێراق و، تەنانەت لەم دواییانەدا لە نێو قووڵایی خاکی ئێرانیش هێرشی کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی و، لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هیچ وڵامێکی نەبووە بەڵکوو بەردەوام بێدەنگییشی هەڵبژاردوە و ئەو هەڕەشانە تەنیا بۆ ڕازیکردنی لایەنگرانی لە نێوخۆی وڵاتە.
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەر کاریشیەوە دروشمی سڕینەوەی ئیسڕائیلی هەڵگرتوە و نەمان بۆ ئەمریکا دەخوازێ، لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی -وەک گرینگترین کەسی سپا لە دەرەوەی وڵات- و سەرەڕای هەڕەشەی خامنەیی و بەڵێنی “تۆڵەی سەخت”؛ بەڵام لە کاردانەوەی خۆیاندا فڕۆکەی ئۆکراینییان کردە ئامانج و لە ئاکامدا گیانی ١٧٦ موسافیری ئەم فڕۆکەیان ستاند.