هاووڵاتییەکی سەردەشتی بە ناوی “دارا ڕەشیدی” لە لایەن دادگای ڕێژیمەوە ١٠ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕایەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، “دارا ڕەشیدی” تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی سەردەشت کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کرابوو و لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیرابوو، ڕۆژی چوارشەممە ١ـی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی لە لایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ”نەجەف زادە“ بە تۆمەتی “ئەندامەتی و هاوکاریی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم” حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
شایانی باسە دارا ڕەشیدی، مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرابوو و پاش دوو مانگ، ڕۆژی یەکشەممە ٦ـی ڕێبەندانی ٩٨ـی هەتاوی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.
جێگای ئاماژەیە دارا ڕەشیدی کوڕی مستەفا، پێشتریش هەر بەو تۆمەتە ماوەی ٧ ساڵ لە ساڵەکانی ٨٠ بۆ ٨٧ـی هەتاوی لە بەندیخانەکانی نەغەدە و ورمێدا بوو.