“محەممەد عەلەوی”، سەرۆکی ناوەندی تەندروستیی خووزستان دەڵێ: “ئاوی خواردنەوەی پارێزگای خووزستان کە لە لایەن شارەدارییەوە دابەش دەکرێ، لە هێندێک گەڕەک و ناوچەدا تێکەڵ بە ئاوی پیسی ئاوەڕۆکانە.”
“محەممەد عەلەوی” هەروەها باسی لەوە کرد کە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای خووزستان، بە تایبەت ناوچە پەراوێزەکانی شار، ئاوی پیسی ئاوەڕۆکان دەڕژێتە نێو لوولەی ئاوی خواردنەوەکەیان.”
ناوبراو هەروەها گوتی: “ئەگەر خەڵک لە ئاوێک بخۆنەوە کە تێکەڵە بە پیسایی مرۆڤ و ئاوی ئاوەڕۆکان، ئەوە تەشەنەکردنی نەخۆشی و ڤایرۆس ژیانی ئەو هاووڵاتییانە دەخاتە مەترسییەوە.” بە پێی قسەکانی محەممەد عەلەوی، ئەو ئاوە پیسە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەکا.
شایانی باسە، بەشی زۆری شارەکانی ئێران و کوردستان لەگەڵ کێشەی ئاوی خواردنەوە بەرەو ڕوون، لە تازەترین هەواڵدا شارەداریی ئەهواز لەمەڕ ئاوی پیس لەو شارەدا هۆشداری دابوو بە خەڵک، هەروەها بەشی زۆری ناوچە و ئاواییەکانی کرماشان و شارەکانی وەک سەقز و مەهاباد و چەندین شار و ئاوایی تر لەگەڵ کێشەی کەمی و پیسیی ئاو بەرەو ڕوون.