“ئەبووبەکر باڵەکی”، برای شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٣١ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی “ئەبووبەکر باڵەکی” برای شەهیدی حیزبی دێموکرات “خالید باڵەکی” و برا و ئامۆزای تێکۆشەرانی حیزبەکەمان کاک عەلی باڵەکی و کاک شەریف و کاک عومەر باڵەکی بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە نیشتمان و گەلەکەی کرد.
شایانی باسە کە کاک ئەبووبەکر کەسێکی نیشتماندۆست و حیزب خۆشەویست بوو و لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا بە هۆی چالاکیی بەردەوامیی پێشمەرگانەی لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەیان جار بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کراوە و ئازار و ئەشکەنجە دراوە. ناوبراو وێرای ئەوەی کە بەردەوام هاوکارێکی نزیکی برا پێشمەرگەکانی بوو، هاوکات بۆ زۆر کاری گەورە، هاوکاریی پێشمەرگەکانی هێزی شەهید پێشەوا و حیزبی دێموکراتی داوە وتا دوا هەناسەی لە ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری لای نەدا و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکەش بوو.
کاک ئەبووبەکر برای شەهید “خالید باڵەکی” بوو کە لە شەڕێکی چەکدارانە و لە کەمینێکی سپای پاسداراندا لە دەراوی گوندی “دۆڵەتوو” شەهید بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای سەرەخۆشیی خۆمان لە بنەماڵەی بەڕێزی کاک ئەبووبەکر و خزم و کەسوکاری ناوبراو، خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.