ئەحمەد جەننەتی بەرپرسی شۆڕای نیگابانی ڕێژیم لە لێدوانێکدا دەڵێ: “دەبێ ئێمە دەست ئاوەڵاتر بین بۆ چاودێری و تەنانەت دەرکردنی نوێنەرانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی.”
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕادیۆ ئیسڕائیل، ئەحمەد جەننەتی، سەرۆکی شۆڕای نیگابانی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ٣١ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند خامنەیی دەتوانێ هەموو یاسا و گەڵاڵەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی هەڵ بوەشێنێتەوە و، دەستتێوەردان لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمدا بکا و، ئەمەش کارێکی ئاسایی و جێگای ڕەزامەندیی خودایە، چونکە ئەو نوێنەری خوا لەسەر زەوییە.
جەننەتی لە درێژەدا داوای دەسەڵاتی زیاتریشی کرد بۆ خۆی وەکوو سەرۆکی شۆڕای نیگابان، کە بتوانێ زیاتر لە کار و باری وڵات و بە تایبەت لە مەجلیسی ڕێژیمدا دەستتێوەردان بکا و ئەو کەسانەی کە دژی بۆچوونەکانی خامنەیی بن لە مەجلیسدا دەر بکا.
شایانی باسە کە ناوبراو لە حاڵێکدا داوای دەسەڵاتی زیاتر دەکا کە هیچ بەربژێرێکی مەجلیسی ڕێژیم بەبێ ئیزنی ناوبراو ناتوانێ ببێتە نوێنەری مەجلیس و لە ڕاستییدا مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ڕێژیم مەجلیسی نوێنەرانی شۆڕای نیگابان و خامنەییە.
جێگای ئاماژەیە کە مەحموود سادقی و عەلی موتەهەری لەدژی قسەکانی ناوبراو هەڵوێستیان گرتوە و لە تویتێکدا دەستتێوەردانی زیاتری شۆڕای نیگابان لە مەجلیسدا ڕەت دەکەنەوە.