دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی ڕەبەت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەر لە بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٣١ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، دایە “خەدیجە بایزیدی” دایکی شەهید “خالید پاشبەردی” خەڵکی گوندی پاشبەرد، سەر بە شاری ڕەبەت، کۆچی دوایی کرد.
دایە خەدیجە ژنێکی تێکۆشەر، شۆڕشگێڕ و دێموکراتدۆستی ناوچەی ڕەبەت، خێزانی مام “خدر ئیبراهیمی” ناسراو بە “خدری بایزی ئامانێ”، لە تێکۆشەرانی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ـی حیزبەکەمان بوو، ماڵی ئەو بنەماڵەیە هەمیشە وەک بنکەیەکی حیزبی جێگای حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکان بووە. دایە خەدیجە ژنێکی بەهەڵوێست بوو زۆرجار بەگژ جاش و دژی گەلییەکاندا دەچۆوە وهەمیشە وەک دایکی کادر و پێشمەرگەکان بووە. شەهید خالیدی کوڕی کە یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و لەخۆ بوردووەکانی حیزبەکەمان بوو کە لە پاییزی ١٣٦٥ـی هەتاوی، لە شەڕێکی قارەمانانە لەگەڵ هێزی دوژمن، لە ناوچەی کاڵەشینی ڕەبەت، لە شوێنێک بە ناوی “تووەشەلێ” لەگەڵ ٦ هاوسەنگەری دیکەی شەهید بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دایە خەدیجە و خزم و کەسوکاری و هەموو خەڵكی ناوچەی ڕەبەت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.