مامۆستایەکی ئایینیی نیشتمانپەروەرو باوکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەر، مامۆستا مەلا سمایل سامی خەڵکی گوندی ئیسلاملوان سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵێ شنۆ کۆچی دوایی کرد.
مەلا سمایل، لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکرات لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبدا دەستی بە تێکۆشان کرد. بە هۆی کەسایەتیی کۆمەڵایەتیو نیشاندانی لێهاتوویی وەک کادرێکی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکانی نەغەدە، کارو ئەرکی حیزبیی ڕادەپەڕاند. هاوکات برایەکی بە ناوی محەممەدو کوڕێکی بە ناوی عومەر وەک پێشمەرگە لە ڕێزەکانی حێزبدا خزمەتیان دەکرد کە بە داخەوە هەر دوویان لە سەنگەری بەرگری لە نەتەوەکەیاندا، شەهید بوون.
مەلاسمایل دواتر ناچار بوو دەست لە پێشمەرگایەتی هەڵ بگرێ وژیانی ئاسایی دەست پێ بکاتەوە. ئەو وەک مامۆستایەکی ئایینی لە گوندەکانی کوردستان، درێژەی بە ئەرکی ئایینی و کۆمەڵایەتیی خۆیدا. دوایین شوێن کە مەلا سمایل وەک مامۆستایەکی ئایینیو پێشنوێژی خەڵکەکەی خزمەتی لێ دەکرد گوندی شەریفەددین لە ناوچەی سندووس بوو.
مەلا سمایل، خزمەتی نەتەوە و تێکۆشان بۆ مافە نەتەوەییەکانی بە ئەرکی هەر تاکێک دەزانیو هەر لەم ڕوانگەیەشەوە هیچ کات پشتی لە ڕابردووی خۆیو براو کوڕە شەهیدەکەی نەکرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی مەلا سمایل سامی بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی، خەڵکی گوندەکانی ئیسلاملوان و شەریفەددینو ناوچەکانی شنۆو نەغەدە دەکا.