هێزەکانی سپای پاسداران ٤٠ سەر ئاژەڵی شوانێكی كورد سەردەبڕنو لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن.
عوسمان عەلی، شوانی ئاژەڵەكان لە لێدوانێکدا بۆ “باسنیوز” دەڵێ كاری سەرەكیی ڕۆژانەم بەخێوكردنی ئاژەڵەو، بە هۆی هاوسنوورییەوە، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، لە گوندی (ئەحمەدئاوا)ی هەورامان، ئەو ئاژەڵانەی ئێمە كە ٣٩ گیسك بوون، سنووریان بەزاندوە. هێزەکانی سپای پاسدارانیش پێش ئەوەی ئێمە بگەینێ هەموویان گرتوونو بۆ مەریوانیان گواستبوونەوە.
ئەو دەڵێ كاتێك چوونەتە لای هێزەكانی سپای پاسداران، پێیان ڕاگەیاندوون كە بەهۆی بێ خاوەنییەوە ئاژەڵەكانیان گرتووە، بۆیە سەرجەم ئاژەڵەكانیان بە بارهەڵگر بۆ شارۆچكەی مەریوان گواستووەتەوەو، لەوێ سەریان بڕیونو گۆشتەكەیان بەسەر بنکەو مۆڵگەكانی سپای پاسداراندا دابەش كردوون.
عوسمان عەلی دەڵێ سەرەڕای بەدواداچوونی زۆر بۆ وەرگرتنەوەی ئاژەڵەکانیان یان قەرەبووکردنەوەی زیانەکەیان بەڵام لەلایەن سپای پاسدارانو ناوەندە بەرپرسیارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هیج وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.