بەپێی هەواڵی وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە شەش مانگە لە تەواوی جیهاندا بڵاو بوەتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەسەندندایە، بە تۆمارکردنی ٢ هەزار و ٥٢١ کەس لە بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا ئاماری تووشبووان بەو پەتایە گەیشتە ٢٦٢ هەزارو ١٧٣ کەس کە لەو ڕێژەیە لە ماوەی شەو و ڕۆژی ڕابردوودا ١٧٩ کەس گیانیان لەدەست داوە، بەوەش ژمارەی گیان لەدەست دان بەو پەتایە گەیشتە ١٣ هەزار و ٢١١ کەس.
“سیما سادات لاری”، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە بە هۆی بەرز بوونەوەی ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا پارێزگاکانی تەورێز، بووشێهر، خوراسانی ڕەزەوی، خوزستان، زەنجان، گوڵستان، مازەندەران، هورموزگان، سنە، ورمێ، کرماشان و ئیلام لە دۆخی سووردان.
هەروەها پارێزگاکانی تاران، فارس، ئەردەبێڵ، ئیسفەهان، ئەلبوورز، خوراسانی باکوور، سیستان و بەلووچستان، یەزد، کرمان، لوڕستان هەمەدان، خوراسانی باشوور، کۆهگیلوویە و بویرئەحمەد لە دۆخی هوشدار دان.
شایانی باسە کە کەمتەرخەمیی و خەمساردیی بەرپرسانی ڕێژیم لە ئاستی کێشەکانی خەڵک و بە تایبەت پەتای کۆرۆنادا یارمەتیی پەرەسەندنی زیاتری ئەو پەتایە لە ئێراندا داوە.