لە سنوورەکانی شاری شنۆ تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی هاتە ئاراوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە بەرزاییەکانی سیاکێوی شنۆ تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردیی هاتە ئاراوە و بۆ چەند کاتژمێرێک درێژەی هەبوە، بەڵام لە ئاماری کوژراو و برینداری ئەو شەڕە هیچ زانیارییەک لەبەردەست دا نییە و هیچ هێزێکی کوردییش ئەو تێکهەڵچوونەی لە ئەستۆ نەگرتوە.
لەو پێوەندییەدا و بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییە سنوورییەکانی شنۆ چوار لاویان داوەتە بەر لێدان و کوتان کە یەکێکیشیان بە سەختی بریندار دەبێ و دواتر دەستبەسەریان کردوون و گوازراونەتەوە بۆ پایگای شاکراوا (سەمەد بووستانی) و هەتا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە.