فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر چالاکانی مەدەنیی کورد لە مانگی پووشپەڕدا زیادی کردوە. لەو مانگەدا لانیکەم ٧٢ کەس لە کوردستان بەتۆمەتی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم و چالاکیی سیاسی و ئەمنیەتی لەدژی کۆماری ئیسلامی گیراون. لەو 72 کەسە زیاتر لە ٢٠ کەسیان دادگایی کراون و چەند کەس لەوان سزای قورسی هەتا ١٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە، هەروەها چالاکێکی سیاسیی کوردیش سزای ئیعدامی دراوەتێ.
هەر لەم مانگەدا 7 بەندکراوی کورد لەدار دراون کە دوو کەسیان زیندانی سیاسی بوون. هاوکات لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان دراونەتە بەر دەستڕێژ کە ٧ کەسیان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە دەڵێ لەم مانگەدا سێ شوانکارەش لە ناوچەکانی سەردەشت و پیرانشار سەرەڕۆیانە دراونەتە بەر دەستڕێژ و گیانیان لێ ئەستێندراوە.