بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی شاری مەهاباد کاک “عەلی موئمێنی”، ناسراو بە “عەلی بێغەم”، شەوی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لە تەمەنی ٧٥ ساڵییدا ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەمان کرد.
کاک “عەلی موئمێنی” باوکی شەهیدی قارەمانی حیزب شەهید “جەلال موئمێنی” و خاتوو “جەمیلە مۆئمێنی”، هاوسەری فەرماندە و کادری خۆشناوی حیزب کاک ناسر پیرانی بوو.
ناوبراو مرۆڤێکی خۆشەویست، خاوەن کەسایەتییەکی بەرز و جێی بڕوا و متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی مەهاباد بوو. هەستی کوردایەتی و خۆشەویستیی خاک و وڵات، هەوێنی ژیانی پڕ لە سەربەرزیی ئەو بنەماڵە بوو، هەر بۆیە چەندین کەس لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە شانیان دایە بەر باری قورسی خەبات و شەهید جەلال یەکێک لەوانە بوو کە سەری خۆی کردە قوربانیی ڕێگەی ئازادیی کورد و کوردستان.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک “عەلی موئمێنی”ـیەوە سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەکەی لە نێوخۆ و هەروەها خاتوو جەمیلە و کاک ناسر پیرانی لە دەرەوەی وڵات دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.