کورتە فیلمی هونەرمەند “نەجات مەولودی” وەک یەکێک لە بەربژێرەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی وڵاتی هێندوستان دیاری کرا.
کورتە فیلمی “قەسیدەی کوژراو”، لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەندی شاری شنۆ بوو بە پاڵێوراوی وەرگرتنی باشترین خەڵاتی فیلمبەرداری لە بەشی سەرەکیی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی هێندوستان.
ئەو فێستێڤاڵە ساڵانە لە وڵاتی هێندوستان بە بەشداریی چەندین هونەرمەند لە وڵاتانی جیهانی بەڕێوە دەچێ.
هونەرمەند نەجات مەولوودی، خاوەنی چەندین بەرهەم لە بواری کورتە فیلمە و تا ئێستا توانیویەتی چەندین سەرکەوتن بەدەست بهێنێ و بەشداریی لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان، نێوخۆی ئێران و هەرێمی کوردستاندا کردوە.
کورتە فیلمی “چوارێنەی سەر لێشێواو” لە ناوچەی “گراو” و ئاوایی “سیسێر”ی سەردەشت و بەشێکیشی لە ناوچەی شنۆ دروست کراوە و پێشکەش بە ڕوح و یادی شاعیری گەلەکەمان مامۆستا هێمن موکریانی کراوە، هەروەها دوو کورتە فیلمی تر لە پێوەندی لەگەڵ بەرگریی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا کە لە هەرێمی کوردستان کاری بەرهەمهێنانیان بۆ کراوە لە بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندەی کوردستانن.











