بەشێک لە چالاکانی ئێرانی و ئەفغانی بە بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانی “کولکتیو”ی ٩٨ـی فەڕانسە، چەندین پلاکاردیان بە ناڕەزایەتیدەربڕین بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ئیعدام و هەڵاواردن لەو وڵاتەدا بەرز کردەوە و بە وتنەوەی چەندین دروشم، ڕگەزپەرستی و هەڵاواردن لەدژی کۆچبەرانی ئەفغانی و کوشتنی کۆڵبەرانی کوردیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کرد.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی ١٨ی ژوئیەی ٢٠٢٠، چوار ساڵ بەسەر مەرگی “ئاداما ترائۆرە” لاوێکی ڕەشپێستی فەڕانسەییدا تێپەڕی، هەزارن کەس لەو وڵاتە بۆ یاد و بیروەریی ئەو ڕەشپێستە ڕژانە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و بۆ جارێکی تر خوازیاری جێبەجێکردنی دادپەروەری بوون.
ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییە کە بە مەبەستی پێشگرتن لە توندوتیژی و هەڵاواردن و نابەرابەری لە لایەن بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو، تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، بەشدار بوون و سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمەیان مەحکووم کرد.












