سووتان و لە نێو بردنی دارستانەکانی کوردستان بەردەوامە و هەر ڕۆژێک بەشێکی زاگرۆس لە ئاگردا دەسووتێ.
ڕۆژی دووشەممە ۳٠ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، ئاگر لە کێوی “جنێرە”ی بانە بەر بوو و ڕووبەرێکی زۆر لە پووش و پاوان و داری تازە پێگەیشتووی ئەو ناوچەیە لەم ئاگردا سووتان.
بەشێکی ئەو شوێنە کە لە ئاگردا سووتاوە، چەند ساڵ لەمەو بەر لە لایەن ئەنجومەنی “پاژین” و کەسانی ژینگەدۆستەوە نەمامی لێ چێندرا بوو، بەڵام بە هۆی ئەو ئاگرەوە بەشی زۆری لە نێو چوون.
”پاژین”ـی بانە ڕایگەیاندوە کە بڕیار وایە کەسانێک کە ئاگر بەر دەدەنە سروشت و ژینگە لە سێ بۆ دە ساڵ سزای بەندکرانیان بۆ دەبڕدرێتەوە، بۆیە پێویستە دامودەزگا پێوەندییدارەکان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ بە سزا گەیاندنی ئەم کەسانەی هەوڵی تێکدانی ژینگە دەدەن.
جێی ئاماژەیە، ئەو ئاگرە بە هیممەتی خەڵکی خۆبەخش و ئەندامانی پاژینی بانە و کەسانی ژینگە دۆستەوە کۆنترۆڵ کراوەتەوە.
لە لایەکی تریش، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، “گردی نەورۆز” لە شاری “پیرانشار” بۆ دووهەمین جار ئاگری تێ بەردرا و خەڵکی شاری پیرانشار و ژینگەپارێزان ئاگرەکەیان کوژاندەوە.
هەروەها بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی مەریوان وەک، ناوچەی کۆساڵان “هەمرۆ دۆڵ”، “بەرقڕوو” و “ئەسپەڕێز″، لە ئاگردا سووتان کە بە دەستی ئەندامانی کومیتەی بەرەنگاری لە قەیرانی ئەنجومەنی “سەوزی چیا” و ئەنجومەنی “پاکۆ”ی سەوڵاوا و خەڵکی ژینگەپارێزەوە کۆنترۆڵ کرا.
سووتانی دارستانەکانی کوردستان بەردەوامە و لایەنی دەسەڵاتیش نەک هیچ هەوڵێک بۆ پێشگرتن لەم دیاردەیە نادا، بەڵکوو زۆربەی کات دەستی لە سووتان و لە نێو بردنی دارستانەکانی کوردستاندا هەیە، ئاگری دارستانەکانی کوردستان تەنیا بە دەستی کەسانی دڵسۆزی نیشتمان و بە دەستی بەتاڵەوە کۆنترۆڵ دەکرێ.