کرێکارێکی کوردی خەڵکی دیواندەرە، بە هۆی هەژاری و بێکاریی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، کرێکارێکی کوردی خەڵکی شارۆچکەی “زەڕینەی هەوەتوو”ـی سەر بە شاری دیواندەرە بە ناوی “عەتا قەیسەری” تەمەن ٢٢ ساڵ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بە گوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کرێکارە کوردە لە کارگەی شیر لە گوندی “کەسنەزانـ”ـی سەقز کاری کردوە و هەر لەوێ، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە لەو کارگەیە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
شایانی باسە کە ئەو کرێکارە خێزاندار و منداڵی هەیە و ئەو چەند سەرچاوەیە ڕایانگەیاندوە کە “عەتا قەیسەری” بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
جێگای ئاماژەیە کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا، بە تایبەت لە شارەکانی کوردستان، ڕێژەی بێکاری، کێشەی کۆمەڵایەتی و گرفتی خەڵک لە تەواوی شارەکانی دیکەی ئێران زیاترە و ڕێژیم زیاتر لە چل ساڵە کە بە ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە سەیری کوردستان دەکا. ئاماری خۆکوژییەکان بە ڕادەیەک چووەتە سەرێ کە تەنانەت ناوەند و ڕێکخراوەکانی ئاماری ئێرانیش بە شێوەی ڕاست و دەقیق ڕای ناگەیەنن. هەروەها بێکاری و هەژاری وای لە خەڵک کردوە کە منداڵ، لاو، ژن، پیاو و بە گشتی هەموو تەمەنێک، پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن و بۆ دەرباز بوون لە کێشەکان کۆتایی بە ژیانی خۆیان بێنن.