سندووقی زانیارییەکانی فڕۆکەی مەدەنیی بوئینگی ٧٣٧ـی ئوکراینی کە چەند مانگ پێش لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە مووشەک خرایە خوارەوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە لایەن دەوڵەتی فەڕانسەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی ئوکراین لە ئاسمانی تاران و بە مووشەکی سپای پاسدارنی ئێران، دوای هەوڵ و گوشاری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان، سندووقی زانیارییەکانی فرۆکەکە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕادەستی دەوڵەتی فەرانسە کراوە تاکوو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ.
ئێستا دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ئەو جینایەتەی ڕێژیمدا، بڕیارە کە سندووقی زانیارییەکانی فڕۆکەکە لە تاقیگە تایبەتەکانی وڵاتی فەرانسە و بە بەشداریی نوێنەرانی ڕێکخراوی” ئیکائۆ” و نوینەرێکی دادسەرای نیزامیی تاران، پێداچوونەوە بە زانیارییەکانی فڕۆکەکە بکرێ.
دوای گیان لەدەستدانی ١٧٦ کەس لە گەشتیارانی فڕۆکەکە، دەوڵەتی ئوکراین خوازیاری ئەوە بوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سندووقی زانیارییەکانی ئەو فڕۆکەیە ڕادەستی ئوکراین بکاتەوە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم، تاوانەکەیان وە ئەستۆ نەگرت و سندووقی زانیارییەکانیشیان تەحویلی دەوڵەتی ئوکراین نەداوە.
کاربەدەستان و فەرماندەکانی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا ڕایانگەیاند کە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی تاران_کییێف، هەڵەی سەربازی بووە و لە سەرەتاوە دەیانویست کە ئەو تاوانە لەسەر شانی خۆیان لابەرن. بەڵام دواتر، بە پێی بەڵگەکان، ئاشکرا بوو کە سپای پاسدارانی ڕێژیم بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە مووشەک ئەو فڕۆکەیەی خستوەتە خوارەوە و سەبارەت بەو کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی، لە زۆربەی شارەکانی ئێران خۆپێشاندان کرا و خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕی.












