دوای چوار مانگ لە ئازادیی کاتیی چالاکانی مەدەنیی شاری دێولان، سەر بە پارێزگای سنە، یەکەمین دانیشتنی دادگای ئەو سێ کەسە لە دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، یەکەمین دانیشتنی دادگای هەر یەک لە “سیرووس عەباسی”، “فەریدە وەیسی” و “ئازاد عەباسی” سێ چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چوو.
سیروس عەباسی و هاوژینەکەی فەریدە عەباسی ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان هەڵیان کوتایە سەر ”ناوەندی پەروەردەی زانست“ دەستبەسەر و ئازاد عەباسی کە هەمان ڕۆژ بە مەبەستی بەدواداچوونی چارەنووسی ئەوان سەردانی بنکەی ئیتلاعاتی کردبوو، کەوتە بەر لێدان و بێڕێزی پێکردن لە لایەن ئەو هێزانە و دەسبەسەر کرا.
ئەو سێ چالاکە مەدەنییە کۆتایی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو دوای دوو مانگ بەندکران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ و ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دانیشتنی دادگا ئازاد کرابوون.