ئەندامێکی سپای پاسداران بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا لە سێدارە درا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، “محەممەد مووسەوی مەجد” ئەندامی سپای پاسداران و نزیک لە قاسم سلێمانی کە ساڵی ٩٧ی هەتاوی لە سووریە و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا دەسبەسەر کرابوو لەسێدارە درا.
شایانی باسە دوای کوژرانی “قاسم سلێمانی” لە بەغدا لە حاڵێکدا ناوبراو لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوو بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لەسەر قاسم سلێمانی و ئاشکرا کردنی شوێنی سلێمانی و “ئەبوومەهدی مۆهەندێس” بۆ ئەمریکاییەکان بە ئێعدام مەحکووم کرا.
هەرلەو پێوەندییەدا ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە ئێعدامی “مووسەوی مەجد” ڕایگەیاند، ئێعدامی مووسەوی مەجد وڵامێک بووە بە “اعدام نکنید”ی دۆناڵد ترامپ کە ئاماژە بوو بە پشتگیریی ترامپ بۆ پێشگرتن لە ئێعدامی ٣ کەس لە خۆپیشاندەرانی ٩٨ی هەتاوی کە لە لایەن دەزگای دادی ڕێژیمەوە بە ئێعدام مەحکووم کراون، بەڵام بە هۆی گوشاری خەڵک و هەڵمەتێکی تویتێریی میلیۆنی، کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بوو پێداچوونەوە بەو حوکمەدا بکا.