یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان بۆ جێبەجێ کردنی بڕگەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ئێران و حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی “زارا محەممەدی” ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
خوایە وەتەن ئاواکەی
چەن دڵگیر و شیرینە
دەشتی خۆش و ڕنگینە
مامۆستا “زارا محەممەدی”، مامۆستای زمانی کوردی وبەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگیی “نۆژین”ـی سنە بە تاوانی فێرکردن و وتنەوەی زمانی کوردی بە منداڵان ١٠ساڵ حوکمی زیندانی پێ دراوە.
بەپێی مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئێسلامیی ئێران، وتنەوە و فێرکردنی زمانی دایکی، یاسایی و ڕێگە پێدراوە.
“زارا محەممەدی”، لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی، چالاکیی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی بەڕێوە بردوە. تاوانی مامۆستا زارا، پارێزەری زوانی دایکی بووە و ئەمە ئەرکی هەر تاکێکە پارێزەری زوانی دایکی خۆی بێ. کەوابێ هەموو تاکێک چ کورد، چ تورک، چ عەرەب… لە ئێران کە زمانی دایکی خۆی ئەپارێزێ تاوانبارە!
یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان(انجمن صنفی معلمان کردستان)، یەکێ لە سەرەکییترین داخوازییەکانی جێبەجێ کردنی بڕگەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی لە قوتابخانەکان بووە و لە سەر ئەم داخوازییە پشتیوانیی خۆی لە زارا محەممەدی وەکوو مامۆستای زمانی کوردی دەردەبڕێ و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی زیندان و پێداچوونەوە لەسەر ئەم حوکمەیە.
یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان (انجمن صنفی معلمان کردستان)
٣٠ی پووشپەڕ ١٣٩٩