لە درێژەی کارەکانی ئەنجومەنی فەرهەنگیی “هیوای زانست” لە شاری سەقز بۆ گرینگی دان بە بواری زانست و کتێب خوێندنەوە، ئەم ئەنجومەنە هەڵمەتێکی نوێی دەست پێ کردوە.
بە مەبەستی پەرەپێدان بە ڕەوتی خوێندنەوە و دابینکردنی شوێنی گونجاو بۆ لایەنگرانی کتێب و خوێندنەوە ئەنجومەنی “هیوای زانست” لە هەڵمەتێکی نوێدا دەستی داوەتە دروست کردنی کتێبخانە لە گەڕەکە پەراوێز خراوەکاندا.
ئەو شوێنانەی کە تا ئێستا لە لایەن ئەم ئەنجومەنەوە بڕیاری دروستکردنی کتێبخانەی لەسەر دراوە بریتین لە گەڕەکی نەشمیلان، شارۆچکەی جاقل، شارۆچکەی زاگرۆس و شارۆچکەی پشت دادگوستەری.
لە تازەترین کاریاندا لە گەڕەکی نەشمیلان بە یارمەتیی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر دەستیان بە دروستکردنی کتێبخانە کردوە و هیواخوازن بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانیان خەڵک هاوکاریان بێ.
جێی ئاماژەیە کەم نین ئەو ئەنجومەن و ڕێکخراو و کەسە دڵسۆزانەی کە بە ئەرک و تێچووی خۆیان و لەسەر دەستی کەسانی ئەرک وەخۆگر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروستکردنی قوتابخانە و کتێبخانە لە شار و ئاواییەکان خزمەتێکی بەرچاویان کردوە.