٢٣٠ یاسادانەری ئورووپایی داویان کرد کە حیزبوڵڵای لوبنان بخرێتە لیستی تێرۆرەوە.
دوای ئەوەی کە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئاڵمان هەموو جۆرە چالاکییەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە وڵاتەکەیاندا قەدەغە کرد، ٢٣٠ یاسادانەر لە سەرتاسەری ئورووپا خوازیاری ئەوە بوون کە حیزبوڵڵای لوبنان بچێتە لیستی تێرۆرەوە.
بە وتەی ڕۆژنامەی “جێرۆزالێم پۆست”، ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی ٢٣٠ کەس لە یاسادانەرانی یەکیەتیی ئورووپا لە نامەیەکدا داوایان کرد کە بەشی سیاسیی حیزبوڵڵای لوبنانیش وەک لقی نیزامییەکەی بخرێتە نێو لیستی تێرۆرەوە و هەر جۆرە چالاکییەکیان لە ئورووپادا قەدەغە بکرێ.
لەو نامەیەدا هاتووە کە حیزبوڵڵای لوبنان، بە پشتیوانی لێکردنیان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە مەرگبارترین گرووپی تێرۆریستییە لە جیهاندا کە نە تەنیا هەڕەشەیە لەسەر وڵاتانی دراوسێی ئێمە بەڵکوو دێموکراسی ڕۆژئاواش دەخاتە مەترسییەوە.
جێگای ئاماژەیە ئەو نامەیە لەلایەن ١٣١ یاسادانەر لە پارڵمانی نەتەوەیی ولاتانی ئورووپایی، ٧٣ ئەندام پارڵمانی ئورووپا، ١٧ ئەندام کۆنگرەی ئەمریکا، ٨ ئەندام پارڵمانی کانادا و ٦ ئەندامی پارلمانی ئیسرائیل واژۆ کراوە.
شایانی باسە کە پێشتریش وەرزارەتی نێوخۆی ئاڵمان، لە ١١ی بانەمەڕی ئەمساڵدا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک حیزبوڵڵای لوبنانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندبوو و چالاکییەکانی لە وڵاتەکەی قەدەغە کردبوو، هەروەها وڵاتانی ئارژانتین، بەحرەین، کانادا، کۆلۆمبیا، هێندوراس، ژاپۆن، پاراگوئە، وڵاتانی یەکگرتووی عەڕەبی، ئینگلیس و ئەمریکا جموجۆڵەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بە گشتی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسن.












