بە هۆی خومپارەبارانی بێ ئامانجی بەرزاییەکانی قەندیل لە لایەن سپای پاسدارانەوە شوانێکی کورد گیانی لەدەست دا.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٨ـی پووشپەڕی ٩٨ـی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسداران بەرزاییەکانی سنووری قەندیلیان لە ناوچەی پیرانشار خۆمپارەباران کرد، بەو هۆیەوە شوانێکی لاو بە ناوی “ڕەسووڵ باکەند” خەڵکی گوندی “بازرگان”ی پیرانشار بە سەختی بریندار بوو و پاش گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، گیانی لە دەست دا.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی سنووری دەشتی وەزنێی سەردەشت تەقەیان لە شوانێک بە ناوی ”یووسف ئەحمەدی“ کرد و کوشتیان. هەروەها ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ نێو خاکی باشووری کوردستان، شوانێکی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی چۆمان بە ناوی “ڕێبین ئیسماعیل” بە سەختی بریندار کرا.
جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، ساڵانە چەندین جار ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان تۆپباران دەکەن و خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی کوردستان دەگەیەنن و دەبنە هۆی ترس و تۆقاندنی خەڵکی ئەو ناوچە سنووریانە.