هەڵمەتی تویتێریی چالاکانی کورد بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی “زارا محەممەدی” مامۆستای زمانی کوردی ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاند.
چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی کورد، شەوی شەممە لە سەر یەکشەمە ٢٨ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، کاتژمێر٢٢ لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ پشتگیریی لە “زارا محەممەدی”، مامۆستای زمانی کوردی و هەڵوەشاندنەوەی ١٠ ساڵ زیندانی سەپێندراو بەسەر ناوبراودا لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی فێرکردنی منداڵانی کورد بە نووسین و خوێندنی کوردی، هەڵمەتێکی پشتگیریی تویتێرییان بەڕێوە برد کە لە ئاست و پێوانەیەکی بەرچاودا لە لایەن خەڵکەوە پشتیوانی لێکرا و بوو بە یەکێک لە ترەندە سەرەکییەکانی تویتێر لە عیراق و ئێراندا.
شایانی باسە کە زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی ٢ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی لە ماڵەکەی خۆیدا لە نایسەری سنە دەسبەسەر و بۆ ماوەی نزیک بە ٧ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعات و سپای ڕێژیمدا بوو، پاشان بە بارمتەی ٧٠٠ میلیون تمەنی بە شێوەیەکی کاتیی ئازاد کرا و لەم چەند ڕۆژەی دواییدا و بە تاوانێکی بێبنەما لە لایەن دەزگای دادی ڕێژیمەوە لە سنە ١٠ ساڵ حوکمی بۆ بڕایەوە کە ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی کوردیی لێکەوتەوە.