بە پێی ئامار و زانیارییە دەوڵەتییەکان کە لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کرێکاراندا بڵاو دەکرێنەوە، بە هۆی بێبەرنامەیی و بێپلانیی دەوڵەت لە بواری ئابووری و بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا، ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران کارەکانیان لەدەست داوە و بەشی زۆر لەوانیش هیچ گرێبەستێکی کارییان نییە.
“وەلی ئیسماعیل”، جێگری بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس، گوتی: “چوار میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کرێکار هیچ گرێبەستێکی کارییان نییە و بەشێک لە خاوەن کارەکان بۆ گوشار خستنە سەر کرێکارەکان “گرێبەستی سپی”ـیان لەگەڵ واژۆ دەکەن و هیچ بەڵێنێک ناخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە خاوەن کارەکان نەچنە ژێر باری هیچ بەرپرسیارەتییەکەوە.”
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە دا لەگەڵ بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا دۆخی ژیانی کرێکاران خراپتر بووە و پێش ئەوەی دۆخی ژیانی ئەو کرێکارانە تووشی کێشە و گرفتی جددی ببێتەوە پێویستە ئاوڕێک لە کێشەکانیان بدرێتەوە.
جێی ئاماژەیە لە تازەترین ئاماری بێکارییدا کە هەموو ساڵێک لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو دەکرێتەوە، پارێزگای “لوڕستان” بێکارترین پارێزگای ئێرانە کە ڕێژەی بێکاری لە بەهاری ئەمساڵدا بە نیسبەت بەهاری ساڵی ڕابردوو لەم پارێزگایە بە ڕێژەی ٢١ لەسەد زیادی کردوە.
لە دوای ئەو پارێزگایە، هەرکام لە پارێزگاکانی “چوار مەحاڵ و بەختیاری” بە ڕیژەی ١٩.١ لەسەد، پارێزگای “کرماشان” بە ڕێژەی ١٣.٨ لەسەد، سیستان و بەلووچستان بە ڕێژەی ١٣.١ لەسەد و پارێزگای “سنە” بە ١٢.٩ لەسەد، بێکارترین پارێزگاکانی ئێرانن.
شایانی باسە لەگەڵ ئەوەی ئێران خاوەنی چەندین سەرچاوەی گرینگی ئابوورییە، بەڵام بێپلانیی ئابووری لەم وڵاتەدا، بەکارهێنانی داهاتی ئەو وڵاتە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، دەستوەردان لە وڵاتانی ناوچە و خەرجکردنی بۆ پەرە پێدان بە گرووپە تێرۆریستەکان، خەڵکی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی زۆر خراپدا ژیانی ڕۆژانەیان بەڕێ دەکەن و کەسانێکی زۆریش بێکار ماونەتەوە.