“منیرە ئەحمەدی” کارتۆنیستی خەڵکی شاری بۆکان توانی لەوحەی ڕێزلێنانی کێبەرکێی نێونەتەوەیی پورتوقال وەدەست بهێنێ.
حەوتەمین کێبەرکێی نێونەتەوەیی کارتۆن و کاریکاتۆری ٢٠٢٠ـی وڵاتی پورتوقال بە بەشداریی ٤٨٠ هونەرمەند لە ٧٤ وڵاتی جیهاندا بەڕێوە چوو.
لەو کێبەرکێیەدا کە هەر دوو ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێ، بەرهەمی “منیرە ئەحمەدی”، کارتۆنیستی خەڵکی شاری بۆکان وەک یەکێک لە بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان لە نێوان ١٣٦٠ بەرهەمدا لەوحی ڕێزلێنانی ئەو کێبەرکێیەی پێ بەخشرا.
جێی ئاماژەیە ئەو کێبەرکێیە بە بابەتی پێوەندیدار بە بواری سڵامەتی و تەندروستی بەڕێوە چوو و منیرە ئەحمەدییش تەنیا هونەرمەندی کورد بوو کە لەوێدا بەشدار بوو.
جێی بیرهێنانەوەیە ناوبراو لە چەندین فێستیڤاڵ و کێبەرکێی نێوخۆیی و جیهانییدا بەشداریی کردوە و توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێ، بۆ نموونە لە سێهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کارتۆن و کاریکاتۆر لە فلیپین بە بابەتی پێوەندیدار بە کۆرۆناوە کە بە بەشداریی ١٠٠ کاریکاتۆر لە وڵاتانی جیاوازی جیهاندا بەڕێوە چوو، بەشداری کرد.
شایانی باسە کەم نین ئەو هونەرمەندانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە بوارە جیاوازەکانی هونەرییدا لە کێبەرکێ جیهانییەکاندا بەشداری دەکەن و خەڵات وەدەست دەهێنن.











