خەڵکی ئاوایی “سریاس” بە هاوکاریی کەسانی دڵسۆز و ژینگەپارێزی ئەم ئاواییە چالاکییەکی ژینگەپارێزیان بە یادی شەهیدانی ژینگەی پاوە بەڕێوە برد.
ڕۆژی هەینی ۲۷ی پووشپەڕی ۹۹ی هەتاوی، خەڵکی ئاوایی “سریاس″ـی پاوە بە هەڵگرتنی وێنە و بەنێری تایبەت بە شەهیدانی “ژیوای”ـی پاوە بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی ڕێگەی پارستنی ژینگە چالاکییەکی ژینگەپارێزییان بەڕێوە برد و ئەو ناوچەیان لە زبڵ و پاشماوە پاک کردەوە.
جێی ئاماژەیە سێ شەهیدی ژینگەی ژیوای پاوە “موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی”، سێ ژینگە پارێزی دڵسۆز و چالاک بوون کە لە زۆربەی هەڵمەتە ژینگەپارێزییەکاندا خۆبەخشانە و چالاکانە بەشدارییان دەکرد و بە گیان ژینگەی کوردستانیان دەپاراست، تا دوا جار هەر لەو ڕێگەیە لە ٨ی پووشپەڕی ۹۹ی هەتاوی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی بووزین و مەرەخێڵی پاوە گیانیان لەدەست دا.













