بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ چەند ڕۆژێکە هێزە ئەمنییەتیەکانی سەر بە سپای پاسداران و “یەگان ویژە” ی ڕێژیم بە شارەکانی کوردستاندا بڵاو بوونەتەوە و وێڕای خولقاندنی فەزای توندی ئەمنییەتی هەرچەشنە جموجۆڵی خەڵکیان خستوەتە ژێر چاودێرییەوە.
جموجۆڵی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە فشارە ئابوورییەکانی وەک گرانی و ئاوسانی ئابووری بڕستی لە خەڵک بڕیوە و، بەشێکی زۆر لە خەڵک توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان نەماوە. چاودێرانی سیاسی پێشبینیی ئەوە دەکەن کە خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران و کوردستان جارێکی دیکە بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوە بچێ.
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە لە ساڵانی ڕابردوەوە زنجیرەیەک خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان بەڕێوە چوون کە لە خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا خۆپیشاندانەکانی خەڵک گەیشتە لووتکە.
هاوکات ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانی خەڵک دەستی داوەتە گرتن و زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، دەسبەسەر کراوان لە لایەن دادگاکانی ڕێژیمەوە حوکمی قورسی زیندان و تەنانەت ئیعدامیان بە سەردا دەسەپێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو چەندین کەس لە کوردستان بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ئیعدام کراون.
بە وتەی چاودێرانی سیاسی سەرەڕای سەرکوت و دڕندەیی لە ڕادەبەدەری هێزە ئەمنییەکانی سپای پاسداران و ئیتلاعاتی ڕێژیم، خەڵک ترسیان لەو سەرکوتانە نەماوە و بە ئەگەری زۆر خەڵکی وەزاڵە هاتوو جارێکی تر بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی گەورەی ناڕەزایەتی بەڕێوە بچێ.











