وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هەموو کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ لە هەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا وڵامدەر بن.
“مۆرگان ئۆرتێگاس″، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هۆشداری دا و داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە دەبێ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناچار بکەن لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ وڵامدەر بن.
ئۆرتێگاس، ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە پەیامێکی تویتێریدا گوتی: “هەموو کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستیان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەیە و ئەمریکا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکا لەو بارەوە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدەن.”
ناوبراو هەروەها گوتی: “دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە جێگەی جێگیرکردنی دادپەروەری، مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا پێشێل دەکا، بۆیە داوای ئێمە لە کۆمەڵگەی جیهانی و تەواوی دەوڵەتان ئەوەیە کە گوشار بخەنە سەر کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لەو بارەوە وڵامدەر بێ و دادپەروەری بۆ قوربانیانی دەستی ئەو ڕێژیمە دژە مرۆییە دەستەبەر بکرێ”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ساڵوەگەری کوشتنی بێبەزەییانەی “زەهرا کازمی” ڕۆژنامەنووسی ئێرانی کانەدایی لە زیندانی ئێڤین کرد و گوتی سەرەڕای بەدواداچوونێکی زۆر و بوونی بەڵگە کە دەیسەلماند ناوبراو لە زینداندا کوژراوە، بەڵام هیچ یەک لە کاربەدەستانی دەزگای قەزایی ئێران لەو بارەوە وڵامدەر نەبوون، هەروەها ئاماژەی بە ساڵوەگەڕی سازدانی کۆمیتەکانی مەرگ، لە ٢٩ی پووشپەڕی ٦٧ی هەتاوی لە ئێراندا کرد و گوتی ئەو کۆمیتانە بە دەستی خومەینی و بە زۆری دامەزران کە هەزاران زیندانیی سیاسیی تێدا بێسەروشوێن کران یان بە بێ هیچ بەڵگەیەک ئێعدام کران.
ئۆرتێگاس، ئەوەشی زیاد کرد کە بەڕێوەبەری ئێستای دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دادستێنی ڕێژیم بە ئەندام و بەڕێوەبەریی کۆمیتەکانی مەرگ دەناسرێن.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ئێعدام و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی تێدایە و گەلانی ئێران لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن.












